لە دووهەمین ساڵڕۆژی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە بەهۆی مووشەکەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە نوێنەرێکی کۆنگرەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران کێشە لەهەمبەر لێکۆڵینەوەکانی پێوەندیدار بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە ساز دەکات.
کلۆدیا تۆنی، نوێنەری کۆنگرەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، داوا لە ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەکا کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە بەهۆی مووشەکی سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە لە سەرووی کارەکانییەوە دابنێ و هەروەها ئەوەشی ڕوو بە رابێرت مالی وتووە کە ڕێژیمی ئێران هیچکات هەنگاوێکی ئەرێنی لەهەمبەر دابینکردنی دادپەروەری بۆ بنەماڵەی ١٧٦ قوربانییەکە هەڵنەهێناوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵڕۆژی کەوتنەخوارەوەی فرۆکە ئوکراینییەکە، کۆمەڵێک لە بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەکە لە شاهێدشەهر کۆ بوونەوە و داوای بە سزا گەیاندنی بکەرانی ئەو تاوانە گەورەیەیان کرد.