هاوپەیمانیی عەرەبی بەڵگەگەلێکیان سەبارەت بە بۆمبڕێژکردنی بەلەمە تیژڕەوەکان لەلایەن میلیشیا حووسییەکانەوە بە مەبەستی هەڕەشە لە کەشتیڕانی نێونەتەوەیی خستەڕوو و ڕایانگەیاند کە ئەو کارەی میلیشیا حووسییەکان پیلانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە.
هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە پیشاندانی بەڵگەگەلێک وەکوو وێنە و گرتە ڤیدیۆ جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دزیی دەریایی میلیشیا حووسییەکان لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا بەدژی کەشتیڕانی نێونەتەوەیی، بە پیلانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئەنجام دەدەرێ.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرتیپ، تورکی ئەلمالکی، وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی ڕایگەیاند کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە پیلانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە جێبەجێکردنی بڕیاراتی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدژی کەشتیڕانی نێونەتەوەیی بە کردەوە یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکەن.
هاوپەیمانیی عەرەبی لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا ئاشکرای کرد کە میلیشیا حووسییەکان لە بەندەری ئەلحەدیدە ٤٣٢ مووشەکی بالستیکیان تەقاندووە و کەڵکیان لە ١٠٠ بەلەمی تیژڕەوی مینڕێژکراو بۆ گورز وەشاندن لە کەشتییەکان لە دەریای سوور وەرگرتووە و تا ئێستا میلیشیا حووسییەکان بە بڕیاری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ١٣ جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.