ڕێژیمی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ولاتی قەزاقستان ترسی لێ نیشتووە و لەم بارەیەوە هاتە دەنگ.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی وڵاتی قەزاقستان ترسی ئەوەی لێ نیشتووە کە ئەو ناڕەزایەتییانە ببنە هەوێنی پەرەسەندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی وڵاتی ئێرانیش و بەم هۆیەشەوە هاتە دەنگ و ئەو ناڕەزایەتییە ڕەوایەی خەڵکی ئەو وڵاتەی ئیدانە کرد.
لەم پێوەندییەدا “سەعید خەتیبزادە”، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: سەقامگیری و ئاسایش لە قەزاقستان گرینگیی تایبەتی هەیە و هیوادارین خێرا ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە؛ ئاشکرایە کە گۆڕانکارییەکانی قەزاقستان پرسێکی ناوخۆییە، بەڵام هەندێک لایەنی بیانی بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخەکە بەدوای گەورەکردنەوەی ئاگری نائارامییەکان لە ئەو وڵاتەن.
بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی وڵاتی قەزاقستان و تێکشکاندنی پەیکەری یەکەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە لەلایەن ناڕازییان، ڕێژیمی ئێران ترسی ئەوەی لێ نیشتووە کە ئەو ناڕەزایەتییانە تەشەنە بستێنێت بۆ وڵاتی ئێران و خەڵکی ئێرانیش جارێکی تر دژ بە ڕێژیمی ئاخوندی بڕژێنە سەر شەقامەکان.