مام خدر ناسراو بە خدری بایزی ئامانێ، تێکوشەری ڕێگەی کوردایەتی خەڵکی گوندی پاشبەرد سەر بە ناوچەی ڕەبەت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، مام خدر ناسراو بە خدری بایزی ئامانێ، بەهۆی بەساڵاچوون و نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
مام خدر هەر لە تەمەنی لاوەتیدا، دڵێ بۆ ڕزگاری گەلەکەی لێداوە و لەگەڵ یەکەم چەخماخەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و دامەزرانی کۆماری کوردستان، تێکەڵ بەو شۆڕشە مەزنە دەبێ و چالاکی و وەفاداری ئەو مرۆڤە هاندەر بووە بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە و ئەندامانی بنەماڵەکەشی تێکەڵ بە شۆڕش و حیزبی دێموکراتی کوردستان ببن. لە ساڵەکانی دواتر پێنج برا و دوو کوڕ و چوار برازای بەرگی پیرۆزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی لە ڕیزەکانی دێموکراتدا دەپۆشن و هەر لەو پێناوەشدا، کوڕێکی بە ناوی خالید ئیبراهیمی و سێ برازای گیانی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان دەکەن و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو دەبن.
مام خدری بایزی ئامانێ، ناوێکی ناسراو و خۆشناو ، هەڵگری کۆڵی قورسی برین و ئازارەکانی نیشتمانەکەی بوو؛ ئەو وەک سەنگەرێکی قایم و پتەو لە بەرگری نیشتمانی دابوو، وێنەی پۆڵای نەچەماوە بوو، ئەو سوێندی بە قورئان و ئاڵا و شمشیر لە زەمانی کۆماری کوردستاندا خوارد بوو ، هەر بۆیەش تا دوا هەناسەی ژیانی وەفادار بە حیزبەکەی و شەهید پێشەوا قازی مایەوە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بێ پسانەوە پشت ئەستور بەئیمان و ئیرادەی خۆی و حیزب و گەلەکەی خەباتی دەکرد و قەڵای لەگیران نەهاتووی گەل و نیشتمان بوو .لە ساڵەکانی ٤٧ و ٤٦ی هەتاوی، مام خدر و هەڤاڵەکانی جارێکی تر سەریان لە ناو سەران لە چیابەرزەکانی کوردستان دەرهێنا و خۆیان سازماندا و بەشداری خەباتی چەکداری ئەو سەردەمیان کرد
لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران جارێکی تریش وێڕای براکان و کوڕەکانی لەو سەردمەدا بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەپۆشن و لە زۆربەی کار و چالاکی و عەمەلیاتەکانی پێشمەرگەدا بە دڵەوە بەشداری دەکەن، دوای چەندین ساڵ پێشمەرگایەتی و خزمەت ، پیری و بە ساڵاچوویی بەربێنگی بە مام خدر گرت و بەهۆی بەساڵاچوویی دەستی بە کاری وەرزێری و بەخێوکردنی ماڵ و منداڵی کردەوە.
شایانی باسە کە خالید ئیبراهیمی کۆڕی مام خدر لە شەڕیکی دەستەو یەخە لە پاییزی ١٣٦٥ شەهید بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی مام خدر و هەموو خزم وکەسوکاری و خەڵکی قارەمان و کوردپەروەری ناوچەی ڕەبەت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.