وەزیری دەرەوەی فەرانسە لەهەمبەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، دەڵێ: وتووێژەکان پێشکەوتنگەلێکی بە خۆوە بینیوە، بەڵام کات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ڕوو لە کۆتاییە.
ژان ئیۆ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەڤیزیۆنی”بی ئێف ئێم” وتی: لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتووێژەکان ڕێگایەکی دروستیان گرتۆتەبەر، بەڵام کات زۆر گرینگە و ئەگەر زۆر بە خێرایی نەگەین بە ڕێککەوتن، شتێک بۆ وتووێژ و ڕێککەوتن بوونی نابێ.
هەر لەم پێوەندییەدا شەوی پێنجشەممە، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژە بەوەیکە دەوری نوێی وتووێژەکان پێشکەوتنێکی زۆر کەمی بە خۆوە بینیووە. هۆشداریی دەدا و دەڵێ: ئەگەر ئەمریکا و ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بە هیچ ئاکامێک نەگەن ئەوە ئەمریکا ناچار دەبێ ڕێگە چارەگەلێکی دیکە بگرێتە بەر.
جێگای ئاماژەیە کە وڵاتانی ئورووپایی بەردەوام ڕێژیمی ئێران بە کات بەفیڕۆدان و نەبوونی نیازپاکی لە وتووێژەکان تۆمەتبار دەکەن و لەو پێوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ئانالنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئانتۆنی بلینکێن هاوتا ئەمریکاییەکەی بە ئاماژە بەوەیکە وتووێژەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە وتووێژەکانی ڤییەن کاتی زۆری بەفیڕۆ داوە.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرۆکوەزیرانی بریتانیا “بۆریس جانسۆن”، سەرەڕای هۆشداری بە وڵاتانی بەشداری وتووێژەکان لەهەمبەر خێراتربوونی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، وتی: کات بۆ ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئێران ڕوو لە کۆتاییە.