هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕایگەیاند کە دانیشتنگەلێکی گرینگ وهەستیار لە بنکەی سیاسیی ڕەوتی سەدر لە بەغدا بە ئامادەبوونی هێزە سیاسییەکان بۆ خۆئامادەکردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێی لە عێراق بەڕێوە چووە.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە عێراق ڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هیچ جۆرە هەڕەشە و گوشارێکی دەرەکی، ناتوانێ پاشەکشە بە ڕەوتەکەمان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی زۆرینەی نیشتمانی بێنێ.
ناوبراو لە درێژەی بەیاننامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بڵاو بووەتەوە دەڵێ: داوای خەڵک، پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانییە و هیچ هەڕەشەیەک ناتوانێ پاشەکشەمان لەهەمبەر پێکهێنانی دەوڵەتێکی دێموکرات، ئازاد و دادپەروەر پێ بکات.
جێگای ئاماژەیە کە ڕەوتی سەدر لەکاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بڕاوی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بووە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ڕەوتی سەدر دەیهەوێت بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەربڵاو لە حیزبە سیاسییەکانی عێراق دەوڵەتێکی زۆرینەی نیشتمانی پێک بهێنێت.