پارێزگاری تاران لە دژکردەوە بە هەواڵی بڵاوکردنەوەی دەنگی تەقینەوە لە نزیکی شاری قودسی تاران لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانبار، ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند کە ئەوە دەنگی ڕاکێتێک بووە کە لەکاتی مەشق و ڕاهێناندا تەقیوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم، لەگەڵ بیستنی دەنگێکی بەهێز لە دەوروبەری کەرەج، پێوەندییە گشتییەکانی سپا لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند کە ئەو دەنگە، دەنگی تەقینەوەی ڕاکێت لەکاتی مەشقکردن لە یەکێک لە بنکەکانی سپادا بووە.
هەر لەو پێوەندییەدا پارێزگاری تاران، بە کاردانەوە بەو هەواڵانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرانەوە وتی: ئەوە هەواڵە دوور لە ڕاستییە و هیچ تەقینەوەیەک ڕووی نەداوە.
جێی ئاماژەیە کە شەوی ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی تەقینەوەی مووشەک لە شاری قودس، بڵاو ببووە و بەشێک لە خەڵک لە ترسان ڕژابوونە سەر شەقامەکان.