لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز کە زیاتر لە ٢ مانگە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە دەسبەسەر کراوە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢ مانگ لەکاتی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “عەبدوڵا مەهجوور”، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “مەلقەڕەنی” سەر بە شاری سەقز، لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لەماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی پێوەندیی تەلەفۆنی، دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
هەوڵ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو لەم ماوەیەدا بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بێئاکام ماوەتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، عەبدوڵا مەهجوور لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی شاری سنە ڕاگوێزراوە.
جێی ئاماژەیە کە هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی “عەبدوڵا مەهجوور” زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.