نەبوون و گرانبوونی دەرمان کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵکی ئێران و هاووڵاتییانی کوردستان دروست کردووە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەشێک لە نەخۆشانی تالاسێمی وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر کەمبوون یان زۆر گرانبوونی دەرمان لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم و زانکۆ پزیشکییەکانی چەند شاری ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی. بەپێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی مانگی سووری ئێران، لەو وڵاتە ٢٣ هەزار نەخۆشی تالاسێمی هەن و کەمبوون یان نەبوونی دەوا و دەرمان بووەتە هۆی کێشە بۆ نەخۆشەکان و ئەم دۆخە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەڕوا.
هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەردەشت ڕایگەیاندوە کە لەو شارە ٤ دەرمانخانە هەیە بەڵام تەنیا یەکیان کراوەیە و جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی هێرشە کیمیاییەکانی کاتی شەڕی ئێران و عێراق، زۆربەی خەڵکی ئەو شارە کێشەی هەناسەیان هەیە و لەم دۆخەدا زیاتر تووشی کێشە و گرفت بوونە.
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی وشکبوونی چاوی، پێویستی بە قەترەی چاوی (های)،(HYE) هەیە، بەڵام زیاتر لە یەک مانگە بەهۆی نەبوون یان زۆر گرانبوونی، نەیتوانیوە بەکاری بێنێ.