هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپی توندئاژۆی داعش ڕایگەیاند کە شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانمان لە بنکەکانی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک (هەسەدە) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە کرایە ئامانجی ٨ مووشەک.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هێرشی مووشەکی بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان ڕایگەیەند کە هێرشی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە بۆسەر بنکە و بارەگاکانمان، دەبێتە هۆی پێشگرتن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان لە سووریە.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەبێ گوێدان بە پاراستنی ئاسایشی خەڵکی مەدەنی بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی دەوروبەری بنکە سەربازییەکانی ئێمە و بەو هۆیەوە خەسارێکی گەورەیان گەیاندوەتە خەڵکی مەدەنی ئەو ناوچەیە.
هەر لەم پێوەندییەدا چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی چوارشەممە میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران بە هێرش بۆسەر بنکە و بارەگاکانی هێزی هاوپەیمانان تۆمەتبار دەکا و ڕایگەیاند: ئەم هێرشانە دوو ڕۆژ پاش دووهەمین ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندس لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێرانەوە، کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.