جێک سالیوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا: ئەگەر تا چەند حەوتووی داهاتوو لە ڤییەن، وڵاتانی جیهان لەگەڵ ئێران بە ڕێککەوتن نەگەن ئەمریکا ڕەوتی وتووێژەکان ڕادەگرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئاکسیوس ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، جێک سالیوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەکاتی سەفەرەکەی خۆیدا بۆ ئیسرائیل وتی: دەبێ لە گەمارۆکانی شۆڕای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئەهرۆمی گوشار لە بەرامبەر بەرنامەی ناوکیی ئێران کەڵک وەرگرین.
لە ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە گەمارۆکانی شۆڕای ئاسایش گرینگترین مێکانیزمێک بوون کە لە ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ ناسراو بە “بەرجام” بۆ سزادانی ڕێژیمی ئێران، لە ئەگەری پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە گونجێندرابوو کە بەپیی ئەو مێکانیزمە ئەگەر ئێران ناوەرۆکی بەرجام پێشێل بکات هەر یەک لەو وڵاتانەی ئەو ڕێککەوتنەیان واژۆ کردووە، مافی ئەوەیان هەیە گەمارۆکانی شۆرای ئاسایش ببووژێننەوە و وڵاتانی دیکەش دەبێ ملکەچی ئەو بڕیارە ببن.
سالیوان لە درێژەدا وتی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا کە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ڤییەن بۆ بووژاندنەوەی بەرجام لە وتووێژدایە، کە ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی سەتا ٩٠ بەرز کردووەتەوە و بۆ پێشگرتن بە زێدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران دەبێ لە گەمارۆکانی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئەهرۆمی گوشار کەڵک وەرگیرێ.
سالیوان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر لە چەند حەوتووی داهاتوو، لایەنەکانی بەشدار لە وتووێژەکانی ڤییەن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە ئاکامێک نەگەن، ئەمریکا ڕەوتی وتوێژەکان ڕادەگرێ.