ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، “موژگان کاووسی” مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی کەلاردەشت، ماوەی کۆتایی سزاکەی بۆ کرا بە مەرەخەسی و لە بەندیخانەی کەچویەی شاری کەرەج ئازاد کرا .
موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسیی کوردی یارسان، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٨٩ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران تەنیا بە تۆمەتی نووسین و بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ئینستاگرامی کە نووسیبووی ““بێدەنگی خیانەتە و لەگەڵ وێنەی گیانبەختکردووانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر لە شارەکانی مەریوان و جوانڕۆ” دەسبەسەر کرابوو و پاش ٢١ ڕۆژ لێکۆڵینەوە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی گوازرابووە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەوشەهر. ئەو هاووڵاتییە لەماوەی دەسبەسەرکرانی تەنیا ١ جار دەرفەتی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ درا بوو و پاش مانگێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی تا بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرا.
دواتر ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی لە حالێکدا کە لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەری کرابوو بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕێژیم” بە ٢ساڵ و ٧ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ وەڕێخستنی خۆپێشاندان و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە ڕێژیم” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپاو و بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان سزای ٥ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا، بەڵام ئەو هاووڵاتییە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزاکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە، سزاکەی بۆ ٦ ساڵ و ٤ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نەوشەهر کرا .
موژگان کاووسی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمی بەرپرسانی بەندیخانە لەسەر پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە و بێبەری بوونی لە مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن و تەنانەت پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی، پاش ماوەیەک گوازراوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین لە شاری تاران.
دواتر ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی مانی لە خواردن گرت و دوای ١٦ رؤژ مانگرتن لە خواردن بەهۆی ناجێگربوونی باری تەندروستی گوازراوە بۆ نەخۆشخانەی ” تاڵقانی ” شاری تاران.
موژگان کاووسی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بەهۆی تووش بوون بە پەتای کۆرنا بە دانانی بارمتە، مەرەخەسی کاتیی پێدرا و لە بەندیخانە ئازاد کرا.
لەکاتی تێپەڕبوونی مەرەخەسییەکەی لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شاری نەوشەهر سزایی دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی کەچویی کەرەج لە ڕۆژی ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا و ڕۆژی ٢٠ ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی پاش کۆتاییهاتنی مەرەخەسییەکەی لە حالێکدا کە بە تەواوی تەندروستیی خۆی بەدەست نەهێنا بوو، گەڕێندرابووە بۆ بەندیخانەی ئێڤین لە شاری تاران.