ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماتیک لە بەغدا کە شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکایە و بە بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا ناسراوە، بوو بە ئامانجی هێرشی مووشەکیی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.
تۆڕی میدیایی ڕووداو، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە زاری بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعش، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بنکەی سەربازیی عەینولئەسەد، شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە، کراوەتە ئامانجی ٥ مووشەک و لەسەر مووشەکەکان نووسراوە عەمەلیاتی تۆڵەی ڕێبەران.
هەر لەم پێوەندییەدا هێزەکانی هاوپەیمان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند کە ڕاکێتی مووشەکەکان لە دوو کیلۆمیتری بنکەی سەربازی عەینولئەسەد کەوتووەتە خوارەوە و خەسارێکی گەورەی بە خەڵکی مەدەنیی عێراق گەیاندووە.
جێگای ئاماژەیە کە هەر لەم پێوەندییەدا بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرایە ئامانجی ٤ مووشەکی میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران.
شایانی باسە کە ئەو هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ دووهەمین ساڵڕۆژی کوژرانی تێرۆریست قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودسی رێژیمی ئێران و ئەبووموهەندس مەهدی، جێگری حەشدی شەعبی کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەرتەشی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.