وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، قسەکانی هاوتا ئیسرائیلییەکەی کە وتبووی “هێز و توانای ئەوەمان هەیە هێرش بکەینە سەر ئێران”، بە ترس و دڵەڕاوکێی ئیسرائیل ناوبرد.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە کاردانەوە بە قسەکانی یائێر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەهەمبەر هێرش کردنە سەر تاران و دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: ئەو قسانەی یائێر لاپید بۆ هێرش کردنە سەر ئێران زیاتر خەون و خەیاڵە بۆ ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل بۆ هێرش کردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەهیچ کەس و وڵاتێک ئیزن وەرناگرێ و هێز و توانای سەربازیی ئەرتەشی ئیسرائیل زیاتر لەوەیە کە تەنانەت کارناسانی سەربازیی جیهان بیری لێدەکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل وەکوو وڵاتێک بە فەرمی ناناسن و ئیسرائیلیان پێ دەوڵەتێکی ساختەیە و عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران بە دەیان جار هەڕەشەی لەو وڵاتە کردووە و ئەو وڵاتە بەدژبەری ئێران دەزانێ.
شایانی باسە کە ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بە چەندین جار هێرشی کردۆتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەوڵە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە و جیهان بە گشتیی دەزانێ و بەردەوام دەڵێ: ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادات دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و تەنانەت ئەگەر ناچار بێت بە تەنیا هێرشی سەربازیی دەکاتە سەر ڕێژیمی ئێران.