شاندێکی پارتی ماف و ئازادی سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد.
ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی ( ٤/١/٢٠٢٢ی زایینی) هەیئەتێکی پارتی ماف و ئازادی بە سەرۆکایەتیی بەڕێز لەتیف ئێپۆزدەمیر، سەرۆکی گشتیی پارتی ماف و ئازادی سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکی دۆستانەدا کۆمەڵێک پرسی پێوەندیدار بە بارودۆخی کوردستان و بابەتە جۆراوجۆرەکانی پێوەندیدار بە کوردەوە هاتنە بەرباس. لەو دیدارەدا باس لە خەبات و چارەنووسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان کرا و هۆکارەکانی نەبوونی کیانێکی کوردی و زوڵم و زۆری داگیرکەرانی کوردستان باسیان لێکرا. سیاسەتی زلهێزەکانی دنیا و ناکۆکییەکانی نێو ماڵی کورد و پیلانگێڕیی داگیرکەرانی کوردستان بە بەشیک لە هۆکارەکانی نەبوونی وڵاتێکی ئازاد و ڕزگار پێناسە کران و گفتوگۆیان لەسەر کرا.
لەو دیدارەدا هەروەها باس لە دەرفەتەکان کرا و هەردوولا هاوڕا بوون کە کورد پێویستە لەو دەرفەتانەی کە دێنە پێش بە قازانجی خۆی کەلک وەربگرێ و بۆ بەردەوامی لە خەبات و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بە بیروڕای گشتیی جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەردەم لە هەوڵ و تێکۆشاندا بێ. مەسەلەی خەباتی چەکداری و پێشێلکردنی مافەکانی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان قسەی لەسەر کرا و باسیان لەوە کرد کە کورد هیچکات شەڕخواز نەبووە و ئەگەر پەنای بردۆتە بەر چەک هۆکارەکەی داگیرکەرانی کوردستان بوون و کورد بۆ پاراستنی خۆی دەستی داوەتە چەک و ناچار بووە کە دیفاعی پێ لە خۆی بکا.
هەردوو لایەن پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە کورد لە هەرکام لە پارچەکان پێویستە بەپێی بارودۆخی وڵاتەکان و حکوومەتەکان شێوەی خەباتی خۆیان هەڵبژێرن و هیچ لایەنێک بۆ بەرژەوەندیی حیزبی دەست لە کاروباری نێوخۆیی بەشەکانی دیکە وەرنەدا.
لەو دیدارەدا پێویستیی یەکڕیزی و یەکیەتیی و تەبایی نێوماڵی کورد جەختی لەسەر کرایەوە و لە کۆتایی دیدارەکەدا پێیان لەسەر بەردەوامیی پێوەندیی دوولایەن کردەوە و هیوایان خواست کە هەرچی زیاتر هێزە کوردستانییەکان بە یەکەوە هاوکار و یارمەتیدەری یەکتر بن.