بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران پێداگریی لەسەر لەسێدارەدانی بەندکراوان و کوشتنی خەڵکی ئەو وڵاتە دەکات.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “هێرانا”؛ غوڵامڕەزا موحسێنیی ئێژەیی، بەرپرسی گشتیی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران، ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی شۆرای باڵای بەناو دادوەریی ڕێژیمدا، لەسەر پەروەندە و کەیسی ئەو بەندکراوانەی کە لە بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمەدان و پێشتر حوکمی لەسێدارەدانیان لەسەر دراوە، بڕیاری یەکلاکەرەوەی دەرکردەوە و پێداگریی لەسەر کوشتنی خەڵکی وڵاتی ئێران و بەندکراوانی بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمە کردووەتەوە.
ناوبراو لە بڕیارەکەیدا ڕایگەیاندووە کە تاکوو کۆتاییی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی و پێش لە نەورۆز، بڕیارەکە بە نووسراوە بۆ سەرجەم دادستانییەکانی ڕێژیم لە سەرانسەری وڵاتی ئێراندا ڕادەگەیەندرێت و پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنیانی کردەوە.
وڵاتی ئێران هەنووکە لە گشت بوارەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت لە بواری لەسێدارەدان و کوشتنی هاووڵاتییانی ئێرانییەوە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئاخوندەکانەوە، لە ڕیزبەندی یەکەمەکانی وڵاتانی جیهاندایە و دوو لەسەر سێی ئەم پێشێلکارییانەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت و زۆربەی حوکمەکانی کوشتن و لەسێدارەدان لە ئێراندا لەسەر نەتەوەی کورد جێبەجێ دەکرێت.