ماڵپەڕی ڕۆژنامەی” جێروزالم پۆست”ی ئیسرائیل و دەزگایەکی میدیایی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە دووهەمین ساڵی کوژرانی تێرۆریست قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سپای قودسی رێژیمی ئێران، کرانە ئامانجی هێرشی سایبێری.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” تایمز ئیسرائیل”، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، هەکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە هێرشێکی سایبێریدا بەبۆنەی دووهەمین ساڵی کوژرانی تێرۆریست قاسم سولەیمانی ماڵپەڕی ڕۆژنامەی جێروزالم پۆست و دەزگایەکی میدیایی ئیسرائیلیان کردە ئامانج و وێنەی ئەنگوستیلەکەی قاسم سولەیمانی لەسەر ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکە بڵاو کرایەوە و هەروەها بە کێشانەوەی وێنەی مووشەکێک بۆسەر ڕێئاکتۆری ناوکیی ” دیمۆنا” هەڕەشەیان لە ئیسرائیل کردووە.
هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران لە پەنای ئەنگوستیلەکەی تێرۆریست قاسم سولەیمانی بە دوو زمانی ئینگلیسی و عێبری قسەکانی قاسم سولەیمانی کە ڕوو بە دۆناڵد ترامپ وتبووی “ئێمە لە شوێنێکدا کە ئێوە بیریشی لێناکەنەوە نزیکین لێتان” ئەو قسەیان دانابوو و بەم کارەیان ویستوویانە کە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکەن.
جێگای ئاماژەیە کە شەڕی سایبێری لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل ساڵانێکە بەردەوامە وهەکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران جاروبار هێرشێکی سایبێری دەکەنە سەر دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ئیسرائیل.