هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای مەرئەب ٢٣٠ کوژراوی لێکەوتەوە.
هاوپەیمانیی عەرەبی، شەوی دووشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە هێرش بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و هەڕەشەکانی ئەو گرووپە بە مووشەکی بالستیک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکان بەردەوامە، ڕایگەیاندووە کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٣ هێرشی ئاسمانیمان کردۆتە سەر بنکە و مۆڵگەی ئەو میلیشیایانە لە پارێزگای مەرئەب و شەبوە و لە ئاکامدا ٢٣٠ میلیشیای حووسی کوژراون و٢٠ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپەش بە تەواوەتی تێک شکێندراوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە هاوپەیمانیی عەرەبی شوێنی ڕەوانەکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکانی میلیشیا حووسییەکانیان لە شاری سەنعا بینیوەتەوە و بە وردی لەژێر چاوەدێری ئەواندان.
لەلایەکی دیکەوە فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، هێرشیان کردۆتە سەر بنکە و مۆڵگەی ئەو گرووپە میلیشیایە لە بەرەکانی شەڕ لە شەبوە و بیحان و زەرەر و زیانێکی گەورەیان بەو گرووپە گەیاندووە.