دوای تێپەڕینی نزیکەی سێ مانگ لە دەسبەسەرکرانی “خەدیجە مێهدیپوور” چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
بەپێی هەواڵی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تیپەڕینی نزیکەی سێ مانگ لە دەسبەسەرکرانی “خەدیجە مێهدیپوور” تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری ئەیوان و دانیشتووی ئیلام لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، خەدیجە مێهریپوور لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەکەی.
خەدیجە مێهدیپوور ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری ئیلامەوە دەسبەسەر کرا.
تا ئێستا لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
جێگای ئاماژەیە کە خەدیجە مێهدیپوور ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، جارێکی دیکەش لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەسبەسەر و دواتر بە بارمتە ئازاد کرابوو.