سەعید خەتیبزادە داوا لە وڵاتانی ئوروپایی دەکا دەست لە داواکارییە زۆرەکانیان هەڵگرن.
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕوو بە وڵاتانی ڕۆژاوایی دەڵێ ، دەست لە داواکارییە زۆرەکانیان هەڵگرن و ئێران هیچکات مل بۆ داواکارییە زێدەرۆییەکانی وڵاتانی ئورووپایی ڕاناکێشێ.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوری هەشتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، “سەعید خەتیبزادە” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی ئەو وەزارەتخانەیەدا ڕایگەیاند کە وڵاتانی ڕۆژاوا ناتوانن جگە لە بەرجام داوایەکی دیکەیان هەبێ و دەبێ دەست لە داواکارییەکانی دیکەیان هەڵگرن و ئێران مل بۆ داواکاری و زێدەڕوییەکانی ئەوان ڕاناکێشێ.
ناوبراو بە ئاماژەکردن بە گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی ڕێژیمی ئێران، جەختی لە سەر ئەوە کردۆتەوە کە ئێران پێبەند بووە بە بەڵێنییەکانی بەرجام و دەڵێ دەبێ لایەنەکانی پێوەندیدار بەرنامە و چوارچێوەیەکی کاتی دیاریکراویان بۆ لابردنی ئەو گەمارۆیانە بەدژی ئێران هەبێ.
دوایین دەوری دانیشتنەکانی بەرجام بە بەشداریی وڵاتانی فەرانسە، ئاڵمان، بریتانیا، ڕووسیە و چین لە ڕۆژی ٦ی بەفرانبارەوە لە ڤییەن پێتەختی ئوتریش دەستی پێکردووەتەوە و پێشبینی دەکرێ کە دەوری هەشتەم، دوایین قۆناغی وتووێژەکان بێ و ئەگەری هەیە چەندین حەوتوو بەردەوام بێ.