هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری نەوسوود سەر بە شاری پاوە کاروانێک لە کۆڵبەران کە دەچوون بۆ کۆڵبەری، دەدەنە بەر دەسڕێژی فیشەک و دوو کۆڵبەر بریندار دەکەن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری نەوسوود تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “عومەر یەعقووبی” تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی گوندی کڵاشی باخان و “سەلاح شامورادی” خەڵکی گوندی زێڕانی جوانڕۆ بریندار بوون.
شایانی باسە کە بەپێی ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، لەماوەی سێ مانگی پاییزدا ٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد و لەو ٤٠ کۆڵبەرە ١٢ کەسیان کوژراون و ٢٨ کۆڵبەریش بریندار بوون.