واشینگتۆن پۆست لە زاری کارناسانی بازاری نەوت و دەریاوانییەوە، دەڵێ: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە هاوکاریی چەند کۆمپانیایەک لە وڵاتانی دەورووبەری کەنداوی فارس، دەوری سەرەکی دەبینێ لە قاچاخی نەوت بۆ وڵاتانی سومالی، یەمەن و چین.
ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری کارناسانی نەوت، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاویکردەوە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەگەلێکی جۆراوجۆرەوە وەکوو بارکردنی نەوت لە شەواندا و بە شێوەیەکی شاراوە لە ئاوە نێونەتەوەییەکانی کەنداوی فارس و دەریای عەممان و گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە و کوژاندنەوەی شوێنهەڵگری کەشتییەکان، دەوری سەرەکییان لە قاچاخ و فرۆشتنی نەوتی ئێران هەیە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دەریاوانان و کارناسانی نەوت ڕایانگەیاندووە کە نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیمی ئێران لە کەنداوی فارس و دوور لە ناوچەی ژێر چاوەدێری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕادەوەستن و شەوانە بارهەڵگرەکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی سووتەمەنی دێنن و بە شێوەیەکی شاراوە دەیگوازنەوە بۆ نەوتهەڵگرە گەورەکان بە ئاڵای ساختەی وڵاتانی دیکەوە و بەمجۆرە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران گەورەترین قاچاخچی نەوتی ڕێژیمی ئێرانە.
واشتنگتۆن پۆست لە زاری شاهیدێکی دیکەوە لە دڕێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێ: نەوتهەڵگرەکان لەکاتی بارکردن و جێبەجێکردنی سووتەمەنیدا سیستمی شوینهەڵگرییەکەیان دەکوژێننەوە و ئەگەریش هێزە دەریاییەکانی ئیمارات لەو کاتەدا بگەنە سەریان، بە خێراترین کات گواستنەوەکە ڕادەگرن و دەسبەجێ شوێنەکە بەجێدەهێڵن.