لە کاردانەوە بە هەوڵەکانی میلیشیا حووسییەکان لەهەمبەر دزینی کەشتیی بارهەڵگری “ڕوابی” کە هەڵگری ئاڵای ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بووە، وڵاتانی شۆرای هاوکاریی عەرەبی ئەو کارەی میلیشیا حووسییەکان بە توندی مەحکووم دەکەن.
شۆرای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک سەرەڕای ناوبردنی هەوڵەکانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بۆ دزینی کەشتییە بارهەڵگرەکەی ئیمارات، بە جینایەتی جەنگی و کردەوەیەکی قێزەون، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە پشتیوانی لە هەموو هەوڵێکی ئیمارات بۆ وڵامدانەوەی توند بە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن دەکەین.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزیری زانیارییەکانی یەمەن “مەعمەر ئەلڕیانی” ڕۆژی دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بە نووسینی ئەوەیکە شوێنپێ و جێگە دەستی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەو دزیە قێزەونە دیارە، وتی: دزینی کەشتیی بارهەڵگری “ڕوابی” بە ئاڵای ئیماراتەوە، بە ڕوونی هەوڵە تێرۆریستییەکانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن ئاشکرا دەکات و ئەو کردەوەی حووسییەکان پێشێلکردنی ڕوونی هەموو یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکانە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەوە ڕێژیمە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن کە گەروو هەستیارە ئاوییە نێونەتەوەییەکان بخەنە ژێر چاوەدێری خۆیانەوە.
ئەلڕیانی لە کۆتایی تویتەکەیدا نووسی: ڕێژیمی ئێران بەهۆی بێدەنگی نێونەتەوەییەوە، میلیشیا حووسییەکانی سەر بە خۆی ڕاسپاردووە کە لە ڕێگەی عەمەلیاتگەلێک لە دەریای سوور و بابولمەندەب، هەڕەشە لە بەرژەوەندییە نێونەتەوەییەکان بکەن و بەردەوام بن لە گوشار خستنە سەر کۆمەڵگەی جیهانیی لە ڕێگەی پەکخستنی بازرگانیی دەریاییەوە.