قادر محەممەدزاده، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، سەرقاڵی تێپەڕاندنی حەفدەهەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەیەتی، نامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێ کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لە ڕێگای تیروپشکەوە سزام بەسەردا سەپاوە.
قادر محەممەدزاده ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٨٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر و دوای چەند مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ١٥ مانگ لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا کە ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا.
قادر محەممەدزاده بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان و لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی، کە بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕێژیم سزای ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی یەزدی بەسەردا سەپاوە، ئێستا ١٦ ساڵ و ٦ مانگ لەماوەی سزاکەی تێپەڕ کردووە و لەماوەی ئەم ساڵانەدا هەتا ئێستا بۆ یەک ڕۆژیش مافی مەرەخەسی پێنەدراوە.
ناوبراو هەروەها دەڵێ: “لەکاتی دادگاییکردن، تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئینتزامییەکانیش خرابوویە پاڵم، بەڵام لە ڕاستیدا من دەستم لە کوشتنی ئەو کەسەدا نەبوو، بەڵام قازی ڕاستەوخۆ بە منی وت کە کەسێک کوژراوە و دەبێ کەسێک سزا بدرێ، ئێوە هەرچەند بە تۆمەتی سیاسی گیراون، تاوانبار بن یان تاوانبار نەبن، دەبێ لەسەر ئەو تۆمەتە سزا بدرێن.”