بڵاوکراوەی ” ئێسپیکتیتۆر”ی بریتانیا لە وتارێکدا وێڕای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی وتووێژەکانی ڤییەن، ڕایگەیاندووە کە ئەو وتووێژانە یەکێک لە ناسەرکەوتووترین سیاسەتەکانی دەرەوەی ڕۆژاوایە و هەڵوێستی نوێنەری ئەمریکا لە وتووێژەکانی ڤییەن زۆر نەرمونیانانە بووە.
بڵاوکراوەی “ئێسپیکتیتۆر”ی بریتانیایی، لە وتارێکی ڕخنەگرانەدا لەسەر وتووێژەکانی ڤییەن و ڕۆژاوا و بەتایبەت نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو وتووێژانە لە دەورانی کابینەی بایدێندا، وێڕای هەڵسەنگاندنی بەرجام لەسەر سەرەتای دەستبەکاربوونی دەوڵەتی بایدەن تاکوو ئێستا، ڕایگەیاندووە کە ئەو وتووێژانە یەکێک لە ناسەرکەوتووترین سیاسەتەکانی ڕۆژاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی بووە لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا و ئەمەش زۆر بۆ قازانجی ڕێژیمی ئێران تەواو بووە.
جەیک والیس سیمونز، نووسەری ئەو وتارە کە بە ناونیشانی “لێکۆڵینەوەیەک لەسەر وتووێژی کارەساتباری جۆ بایدێن لەگەڵ ئێران” لە ڕۆژی شەممە، ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاوی کردووەتەوە، سەرەنجی خستووەتە سەر خاڵە لاوازەکانی ئەو وتووێژانە و نووسیویەتی؛ نەک تەنیا ڕۆژاوا نەیتوانیوە لە وتوووێژەکاندا پوانێک لە تاران وەرگرێت و نەیانتوانیوە ئێران لە دەستپێڕاگەیشتنی بە بۆمبی ناوکیی بوەستێنێت، بەڵکوو دانوستانکارانی ڕۆژاوایی لەنیو خۆیاندا هەر خەریکی شەڕەچەقە و مشتومڕی ناوخۆیی و بەرنامەگەلێکی ڕکابەرانەن.
نووسەر لە بەشێکی تری ئەو وتارەدا، ڕەخنەی لە نوێنەرانی ئەمریکا لە وتووێژەکانی ڤییەن گرتووە و نووسیویەتی؛ “ڕابێرت مالی”، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران کە بەرپرسیارێتیی تیمی دانوستانکاری ئەمریکای لەو وتووێژانەدا لە ئەستۆیە، لە وتووێژەکاندا ئەوندە نەرمونیان و ملکەچ بووە کە ئێستا بە شەرمەوە قسە لەگەڵ تاراندا دەکات؛ هەروەها لەسەر “جەیک سالیوان” ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا نووسیویەتی؛ جەیک سالیوان بە تەواوەتی لەلایەن ڕابێرت مالییەوە پەراوێز خراوە.
نووسەر لە کۆتایی و لە ئاکامی وتارەکەیدا نووسیویەتی؛ لە نەبوونی ڕابێرت مالی، ئەگەری ئەوە هەیە کە کەسێکی بەهەڵوێستتر لە جێگەی ئەو بەرپرسیارێتیی تیمی دانوستانکاری ئەمریکا لە وتووێژەکانی ڤییەندا بگرێتە ئەستۆ و ئەوەش باشترین خاڵە کە هەر لە ئێستاوە دەتوانین هیوامان پێی هەبێت.