وەزارەتی وەرزش و لاوانی ڕێژیم لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی وەرزشی پارێزگاکانی ئێران چالاکی لە بواری وەرزشی لەشجوانیی ژنانی لەو وڵاتدا قەدەغە کردووە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی نێوخۆیی ئێران لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا وەزارەتی وەرزش و لاوانی ڕێژیم، لە نامەیەکدا کە بۆ بەڕێوەبەرایەتی وەزرشی پارێزگاکانی ئێرانی ناردووە، وەرزشی لەشجوانیی ژنانی قەدەغە کردووە.
بەپێی نامەکە، بە هۆکاری ئەوە کە بە نووسراوە وەزرشی لەشجوانیی ژنان ڕێگای پێ نەدراوە، خولی ئامادەکاری و پەروەردە و ڕاهێنەران و کیبڕکێیەکانی لەشجوانیی ژنان قەدەغە دەکرێ.
هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای ئەسفەهان، لە نامەیەکدا بۆ سەندیکای لەشجوانی لەو پارێزگایە، وەرزشی ژنانی لە هەموو بوارێکی لەشجوانیدا قەدەغە کردووە.
پێشتریش لەلایەن ڕێژیمەوە، وەرزشی ژنان لەو بوارانەی پێویستی بە وزە و هێزی زۆر هەبێ، قەدەغە ڕاگەیەندرابوو.
شایانی باسە کە بەشێک لە ژنانی وەرزشکار و چالاکوانانی ژن لەو بارەیەوە کاردانەوەیان هەیە و دەڵێن گۆێ بەو بڕیارە دژەژنانەیە نادەین.