مەسعوود دانیشمەند، ئەندامی باڵای ژووری بازرگانیی ئێران ڕایگەیاندووە کە چین نەوتی ئێران دەبا و لە بەرامبەردا هەرچی کاڵای خراپ و بەکارنەهاتووە دەداتەوە بە ئێران.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیلنا، “مەسعوود دانیشمەند” ئەندامی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران، ڕەخنەی لە سیاسەتی کاربەدەستانی ئێران لەهەمبەر گۆڕینەوەی “نەوت لەگەڵ کاڵا” گرتووە و دەڵێ بەپێی ئەو سیاسەتە چینییەکان هەرچی کاڵا و شتومەکی خراپ و بەکارنەهاتوویه لە بەرانبەر نەوتدا بە ئێمەیان داوە و بەو هۆیەوە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا، خەسارێکی زۆرمان بەرکەوتووە کە کاریگەرییەکەی بۆ ساڵانی داهاتووش دەمێنێتەوە.
ناوبراو دەڵێ ئەو هەموو کێشە و گرفتەی کە لە ئێستادا بۆ ئێمە دروست بووە، دەگەڕێتەوە بۆ هەمان سیاسەتی گۆڕینەوەی بێمەرجی نەوت بە کاڵا.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ تەنیا وڵاتی چین نییە کە لەهەمبەر نەوتدا شتومەکی بێکەڵکمان پێ دەدات، بەڵکوو وڵاتانی هیند و ئەندۆنێزیش چاویان لە نەوتی هەرزانی ئێمەیە و لەم دواییانەشدا وڵاتی سریلانکا ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە بە جێگای پارەی نەوت چای دەرەجە دوو و سێمان پێ بدات کە لە بازاڕە جیهانییەکاندا کڕیاری نییە، بەڵام ئێمە ناچارین وەریبگرین.