فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا، ٤٥ ڕۆژنامەنووس و کارمەندی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە جیهاندا کوژراون.
فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەنووسان، کە گەورەترین ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانە لە جیهاندا، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە بارودۆخی رۆژنامەنووسان لە جیهان، رایگەیاند: “لە سەرتاسەری جیهان لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤٥ رۆژنامەنووس و کارمەندی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەکاتی کارکردندا کوژراون و زۆربەی ئەو ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانە لە ئەفغانستان کوژران.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٢١ نیشان دەدەن کە کارمەندانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن زۆرجار بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵی و تاوان و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەنێو کۆمەڵگە و شار و وڵاتەکانی خۆیاندا ڕووبەڕووی کوشتن دەبنەوە.
هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ٣٣ کەس لەو ڕۆژنامەنووس و میدیاکارە کوژراوانە بە هێرشی ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج، کە لە ٢٠ وڵاتی ئورووپا، ئەمریکا، ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوژراون، کە لەو نێوەدا ٩ کەسیان لە ئەفغانستان کوژراون، ٨ کەس لە مەکسیکۆ، هەروەها ٤کەس لە هیندوستان و ٣ کەسی دیکەی لە پاکستان کوژراون.
فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە داوە کە لە ساڵی ١٩٩١ی زایینییەوە تا ئێستا ٢ هەزار و ٧٢١ ڕۆژنامەنووس و میدیاکار لە جیهاندا کوژراون.