لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی رێژیمی سەرەڕۆ و بەرپرسانی گەندەڵی ڕێژیمی ئێران لە شارە جیاجیاکانی ئێران ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵیک لە خانەنشینکراوانی کانگای بەردی سەنگڕوود لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم لە تاران، کرێکارانی بەنداوی شەفاڕوود لەبەردەم دەفتەری بەڕێوەبەریی ئەو بەنداوە، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ڕەشت لەبەردەم ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئەو شارە، کرێکارانی پیشەی پێترۆشیمی “رجال” بۆ چەندەمین ڕۆژی بەردەوام لە شوێنی کارەکەیان، خانەنشینکراوانی سەندووقی خانەنشینی پۆڵا لە شارەکانی ئیسفەهان، ئەهواز و تاران لەبەردەم بێنای ئەو سەندووقە لە شارەکانیان، کرێکارانی کانگای مەزرەعە لە شاری ئەهەر لە شوێنی کارەکەیان، کرێکارانی کۆمپانیای ئاسنەواڵەی بەندەرعەباس لەبەردەم بینای ئۆستانداریی هۆرمۆزگان بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی یەزد هاوڕێ لەگەل باب و دایکی قوتابییان لەبەردەم ئۆستانداریی ئەو شارە و گروپێک لە مامۆستایانی خانەنشینکراوی ئیسفەهان لەبەردەم دەفتەری نوێنەرانی ڕێژیم لە ئیسفەهان، کارمەندانی ئیدارەی پۆستی ئیسفەهان لەبەردەم بینای وەزارەتی پێوەندییەکان و زانیارییەکان و کۆمەڵێک لە کرێکارانی کۆمپانیای ڕەنگین نەخ لەبەردەم بینای ئۆستانداریی سێمنان بەڕێوە چوو.