دووهەمی ژمارەی وەرزانەی ناوەندی نووسەرانی کوردستان کە تایبەتە بە ئەدەبی گێڕانەوە و چیرۆکی چیرۆکنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دووتوێی ٢٠٠ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.
ژمارەی دووهەمی وەرزانەی ناوەندی نووسەرانی کوردستان کە تایبەتە بە چالاکیی وەرزانەی وەرزی پاییزی ٢٧٢١ی کوردی، تەرخان کراوە بۆ ئەدەبی گێڕانەوە و چیرۆکی چیرۆکنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاتر لە ٦٠ بەرهەمی چیرۆکی چیرۆکنووسانی ڕۆژهەڵات گەیشتووەتە ناوەندی نووسەران و لەلایەن لێژنەیەکی شارەزاوە چیرۆکەکان هەڵسەنگێندران و لە کۆتاییدا ٤٤ چیرۆک بۆ بڵاوکردنەوە هەڵبژێردران و لە باشووری کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
خاڵی جێگەی سەرنجی ئەم وەرزانەیە ئەوەیە کە هاوشێوەی وەرزانەی ژمارە یەکی ناوەندی نووسەران کە تەرخان کرابوو بۆ شێعری شاعیرانی ڕۆژهەڵات، بوونی فرەچەشنی و لەخۆگرتنی هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردییە لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرهەمی چیرۆکنووسانی دەڤەری ورمێ و دەوروبەری، سنووری موکریان، سنەی ئەردەڵان، سەقز، بانە، بیجاڕی گەڕووس، هەورامان و کرماشان و گێڵانی ڕۆژاوا و هاوکات بەرهەمی پێنج چیرۆکنووسی کوردانی خۆراسانی لەخۆ گرتووە.
شایانی باسە کە ژمارەی یەکەمی وەرزانەی ناوەندی نووسەرانی کوردستان کە تایبەت بوو بە وەرزی هاوین و تەرخان کرابوو بۆ شێعر، بەرهەمی زیاتر لە ٨١ شاعێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدا بوو کە لە دووتوێی ١٠٠ لاپەڕەدا لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کرابووە.
ناوەندی نووسەرانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە چالاکییەکانیان لە داهاتوودا بە هاوکاری و ڕاوێژ لەگەڵ نووسەران و چالاکانی فەرهەنگی و ناوەند و ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی ڕۆژهەڵات لە ئاستێکی بەرین و فراواندا درێژەیان دەبێت.