حیزبوڵای لوبنان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە حەشارگە ژێرزەوینییەکانی دەوروبەری دەمیشق کە پێشتر شوێنی ڕاهێنانی هێزە ئاسمانییەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بووە، دەشارێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە کە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوبووەتەوە، هاتووە کە: حیزبوڵای لوبنان کەڵک لە حەشارگە ژێرزەوینییەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد لە ناوچەی “خەربەلوەرد” لە نزیکی سەیدە زەینەب لە ڕۆژاوای پێتەختی سووریە بە مەبەستی شاردنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رێژیمی ئێران وەردەگرێ.
بەپێی زانیارییەکانی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، حیزبوڵای لوبنان لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەریکی هەڵقەندنی سەنگەر و حەشارگەگەلێکی گەورەی ژێرزەوینین لەنێو ئەو بنکە سەربازییە پێشوویەی ڕێژیمی بە شار ئەسەد لە دەمیشق و جیاواز لە شاردنەوەی چەکوچۆڵ و تەقەمەنیی سووک و قورس، چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕێژیمی ئێرانیان لە ترسی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل گواستووەتەوە بۆ ئەو حەشارگەیە.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن، بە بیانووی وێنە هەڵگرتنەوە لەو حەشارگەیە بە زۆری چەک و هەڕەشە کردن لە خەڵکی مەدەنیی ناوچەکە، دەستیان بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری ئەو بنکە سەربازییەدا گرتووە.
جێگای ئاماژەیە کە حیزبوڵای لوبنان بڕیاری داوە کە بارە چەکوچۆڵییەکان و کەرەستەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کە لە فڕۆکەخانەی “تی فۆڕ” لە دەوروبەری حۆمس و فڕۆکەخانەی سەربازیی دیماس لە دەمیشق هاوردەی نێو سووریە دەکران، بگوازنەوە بۆ ئەو حەشارگە ژێرزەوینییە.