زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن دیوانی بەرزی ڕێژیم بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٧٧ بۆ جاری دووهەم سزای ٥ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو سزایە دۆسییەی نابراو ڕەوانەی بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگای شاری سنە کرا.
جێگای ئاماژەیە زارا تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبووی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسیی باڵای ژێئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.
ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە و بە گشتیی پارێزگای سنەدا وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بەکۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە، وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.
زارا محەمەدی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سنە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا و دواتر لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی قازی دەستنیشانکراوی ڕێژیم “سەعیدی”، بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لەدژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
پاش ماوەیەک و دوایی نارەزایەتی دەربڕین، سزای ١٠ساڵ بەندکرانی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوە، ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بۆ سزای ٥ساڵ بەندکران کەم کرابوویەوە و بۆ جاری دووهەم بە مەبەستی پێداچوونەوە ڕەوانەی دیوانی بەرزی ڕێژیم کرابوو.