ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کتێبە پەروەردەییەکان و قوتابخانەکاندا پڕوپاگەندا بۆ دیاردەی منداڵهاوسەری دەکات.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە ناوخۆیییەکان، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران لە بەرنامەی ساڵانەی خۆی و لە کتێبە پەروەردەییەکان و قوتابخانەکاندا پڕوپاگەندا بۆ دیاردەی منداڵهاوەسەری دەکات و لەم پێوەندییە و لەماوەی ڕابردوودا وێنەیەک لە لاپەڕەی ٤١ی کتێبی پەروەردەییی “بەڕێوەبەریی بنەماڵە و شێوازی ژیان” (مدیریت خانوادە و سبک زندگی) لە پۆلی دوازدەهەمی دواناوەندی بڵاو بووەتەوە و لەو کتێبەدا ئاماری کچانی سەرووی تەمەن ١٠ ساڵ کە ژیانی هاوبەشیان پێک نەهێناوە، بڵاو کردووەتەوە و لە پۆلەکاندا هەڵسەنگاندن بۆ ئەم ئامارانە دەکرێت.
سەرەڕای ئەوەش ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە میدیا و ڕاگەیاندن و بەتایبەت لە ڕێگەی ئاخوندەکانی خۆیەوە پەرە بە دیاردەی منداڵهاوسەری دەدات و بە شێوەیەکی یاساییش لە دادگا و ناوەندەکانی تۆمارکردنی هاوسەرگیری ڕێپێدراوە و تەنانەت بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو ڕێژیمەش زۆرجار بانگەشە بۆ ئەم دیاردەیە دەکەن و ئەمەش بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی دەیان و سەدان قەیرانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی ئێران.
ئەم بانگەشە و پڕوپاگەندایەی کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا لەوەی کە دژی پرنسیپ و بنەما کۆمەڵایەتییەکانە، دژی سەرجەم بەها و یاساکانی مافەکانی مرۆڤیشە و هەر بە هۆکاری بانگەشە بێبنەماکانی ئەو ڕێژیمەوە، وڵاتی ئێران لە جیهاندا زۆرترین ئاماری جیابوونەوە بەتایبەت جیابوونەوەی کچانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ و مێرمنداڵی هەیە.