دایە “سۆهەیلا سەعادەت” دایکی شەهید “خالید زەکی” لە ناوچەی سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دایە “سۆهەیلا سەعادەت” دایکی شەهید “خالید زەکی” دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی، ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە سەعادەت ژنێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بوو و ئاواتی هەرەگەورەی ئەوە بوو کە ئامانجەکانی کوڕە شەهیدەکەی وەدی بێ و ئازادی کوردستان بە چاوی خۆی ببینێ کە مەرگ مەودای نەدا و دڵە پڕ لە ئاواتەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە شەهید “خالید زەکی” پێشمەرگەیەکی ئازا و چاونەترسی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی شارستانی سەقز بوو کە لە ڕێکەوتی ٨ی خەرمانانی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شەڕ و دەرگیری لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە نزیک ئاوایی سونجاغ شەهید کرا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی دایە “سۆهەیلا سەعادەت” سەرەخۆشی لە بنەماڵە سەربەرزەکەی و هەموو کەسوکاری و سەرجەم خەڵکی ناوچەی سەقز دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.