لەماوەی ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانیکەم ٣١ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران و کوردستان لەسێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، لەماوەی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، لانیکەم ٣١ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران و کوردستاندا لەسێدارە دراون.
هەر لەو پێوەندییەدا لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا “حەیدەر قوربانی” زیندانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی سنە لەسێدارە درا، هەروەها دوو بەنکراوی دیکەی سیاسی بە ناوەکانی “محێدین ئیبراهیمی” خەڵکی شنۆ و “شاکر بێهرووزی” خەڵکی ورمێ کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراون.
بە پشتبەستن بە ئاماری چاونیوز، لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیشدا لانیکەم ٤٨ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران و کوردستان لەسێدارە درابوون، کە لەو نێوەدا چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی “هیدایەت عەبدوڵاپوور”، “مستەفا سەلیمی”، “سابیر شێخعەبدوڵا” و “دیاکۆ ڕەسووڵزادە”، لەسێدارە درابوون.
جێی ئاماژەیە کە وڵاتی ئێران یەكێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی تێدا بەڕێوە دەچێ و لە ڕیزی وڵاتانی یەکەمدایە.