بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی هۆشداری داوە کە تاران لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا توانای بەرهەمهێنانی هێندێک کەرەستەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی بەدەست دێنێ و بە خێرایی دەتوانێ بۆمبێکی ناوکیی بەرهەم بهێنێ.
بڵاوکراوەی فارین پالیسی لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاو بووتەوە دەنووسێ: دەوڵەتی جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، گەیشتووە بەو ئاکامەی کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران، ئەم دوو وڵاتە بە ئەگەری زۆر لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی، ناگەن بە رێککەوتن.
هەر لەم پێوەندییەدا دەوڵەتی جۆ بایدێن لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ئەمریکا لەگەڵ ئێران ناگات بە ڕێککەوتن و وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ڕووبەڕووی شکست ببێتەوە، ئەمریکا ڕێگەیەک دەبێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەمریکا هیچکات ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادات کە ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
بڵاوکراوەی فارین پالیسی لە دڕێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێ: رێژیمی ئێران لە وتووێژە درێژماوە ناوکییەکانی ڤییەن بە مەبەستی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی وڵاتەکەی کەڵکی وەرگرتووە.