لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەقز ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر و بەرفراوانتر بووە و بۆ شارەکانی دەوروبەری وەکوو ناوەندێکی لێهاتووە، بەڵام بەپێی ئەم گەشەکردنە پێداویستییە گرینگەکان بۆ شارەکە دابین نەکراوە.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیم لە شاری سەقز لەسەر تەواوکردنی پڕۆژە نیوەچڵەکان مشتومڕێکی زۆر هاتووەتە ئاراوە کە هیچ ئاکامێکی نەبووە؛ بۆ نموونە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەنداوی چارغ وەیس دووجار کراوەتەوە بەڵام ئێستاش بۆ تەواوبوونی یەکجاری ئەم پڕۆژەیە ٣٠٠ میلیارد تمەنی دیکە پێویستە.
پڕۆژەیەکی دیکە کە بە شێوەی نیوەچڵ کراوەتەوە، فڕۆکەخانەی سەقزە کە بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ بنەمایەکی پاراستن و ئەندازیاری و بەبێ تەرخانکردنی پێداویستییە تایبەتەکان و کۆتاییهێنان بە کاری بەشە جیاوازەکانی ئەم فڕۆکەخانە بە شێوەی شانۆیی و بە نیوەچڵی کراوەتەوە. هەروەها یەکێک لە گرینگترین پڕۆژەکان کە زیانێکی زۆری بەرکەوت، پرۆژەی نەخۆشخانەی شەفای سقزە کە پاش کرانەوە بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست لە بواری پزیشکی و زانستی و دابیننەکردنی لەلایەن لایەنە پێوەندیدارەکانەوە، بە ناچار ئامێرە پزیشکییەکانی دەستی دووی نەخۆشخانەکانی دیکەی ئەم شارە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نوێی سەقز کە تێچوویێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و لە گواستنەوە و لەکاتی دامەزراندنی هێندێک لەم ئامێرانەش بەهۆی ناشارەزایی لەکارکەوتوون و چیتر کەڵکیان نەماوە و لەلایەکی دیکەشەوە زۆرێک لەو هێزە مرۆییەی کە لەم نەخۆشخانەیە دامەزراون خەڵکی ناوچەکە نین و پاش چەند مانگێک داوای گواستنەوە بۆ شارەکانی دیکەیان کردووە کە ئەمەش کێشەیەکی زۆری بۆ نەخۆش و خەڵکی ئاسایی ئەم شارە پێکهێناوە و تەنیا کاردانەوەی بەرپرسانیش سەیرکردنی ئەم بارودۆخە بووە.