میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس ، خۆپیشاندانێکیان لە بەغدا بەدژی هێزەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانان وەرێخست.
میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران لە دووهەمین ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس بەدەستی ئەمریکا، خۆپیشاندانیکی ناڕەزایەتییان لە بەغدا وەڕێخست و خوازیاری چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانان لە عێراق بوون.
لە کاتێکدا کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گرووپی تێرۆریست وتوندئاژۆی داعش، چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی لە بەغدا گەیشتوون بە ڕێککەوتنێک کە خاکی عێراق بەجێبهێڵن و تەنیا و تەنیا چەندین کەس لە فەرماندە سەربازییەکانی هێزی هاوپەیمان بۆ یارمەتی گەیاندن بە هێزە عێراقییەکان لە عێراق دەمێننەوە، خۆپیشاندەران بە هاندانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە وتنەوەی دروشم بەدژی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان، خوازیاری چونەدەرەوەی خێرای هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە خاکی عێراقن.
جێی ئاماژەیە کە قاسم سولەیمانی کەسی یەکەمی سپای تێرۆریستیی قودسی رێژیمی ئێران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و یەکێک لە گرینگترین مۆرەکانی ڕێژیم بۆ پێکهێنان و ڕێکخستنی گرووپە میلیشیاکان لە لوبنان، عێراق، یەمەن وسووریە بوو، کە لە دووهەمین ڕۆژی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، بە بڕیاری دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەمریکا، کرایە ئامانجی هێرشی ئەمریکا و قاسم سولەیمانی هاورێ لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندیس لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
لە ئێستاشدا ڕێژیمی ئێران هەروا بە بیانووی کوژرانی قاسم سولەیمانی، هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی و مووشەکی بالستیک و هەروەها دەستێوەردانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە بەردەوامە لە شەڕ و کێشە سازکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهاندا.