پاش هێرشی بەربڵاو و قورسی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر گوندی شوروو و تیكهەڵچوون لەگەڵ خەڵکی ئەو گوندە ٩ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژران و بریندار بوون و٣ هاووڵاتیی بەلووچیش بەهۆی تۆپبارانی ئەو گوندە کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی بەلووچ بەناوی “غوڵام شەبەخش” هێرشیان کردووەتە سەر گوندی شوروو سەر بە ناوچەی کورین لە شاری زاهیدان کە بوو بەهۆی تیكهەڵچوونێکی قورسی چەکداری و هێزەکانی رێژیم بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر ئەو گوندە.
لەم تێکهەڵچوونەدا کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنیی ئە و گوندە، ژنێک و منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵان گیانیان لەدەست دا و بەهۆی هێرشە تۆپخانەیەکەی سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆسەر گوندی شوروو هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “محەممەدجان شەبەخش” گیانی لەدەست داوە.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەم پێوەندییەدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە پاش گەمارۆدانی گوندەکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە بۆ دەسبەسەرکردنی غوڵام شەبەخش، خەڵکی گوندەکە بە چەک ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەتەوە و گەمارۆکەیان شکاندووە.
پاش شکاندنی گەمارۆکە و ڕزگاربوونی غوڵام شەبەخش، تێکهەڵچوونەکە گوازراوەتەوە بۆ ناوچەی سەرجەنگەڵ و بەربڵاوتر بووەتەوە و لەم تێکهەڵچوونە قورسەدا ٩ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژران و بریندار بوون و ٢ ماشینی سەربازیی سپای پاسدارانی ڕێژیمیش بە تەواوەتی تێک شکێندراوە.