بڕیاری دەستبەسەر کرانی چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی نییەر سەر بە شاری سنە کە کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوون، درێژ کرایەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیاری دەستبەسەر کرانی چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی نییەر سەر بە شاری سنە بە ناوەکانی سەیوان مینبەری، ئارەش مینبەری، زانیار مینبەری و میلاد مینبەری بۆ جاری دووهەم و بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کراوەتەوە.
ئەم چوار هاووڵاتییە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی یەک شەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٥٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی ئەم چوار کەسە، هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.