لە درێژەی پیلان و سیاسەتە دوژمنکارانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ کوردستان، بەرهەمهێنان و هاوردەی ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستاندا بە شێوەکەی کارەساتبار زیادیکردووە.
سپای پاسدارانی ڕێژیم لە درێژەی سیاسەتی مانەوەی خۆی و پیلانی بێهەڵوێستکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەت کوردستان بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامەبۆداڕێژراو و بە بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو کۆمەڵگە و لێدانی کارگە وشوێنی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە شارەکانی کوردستاندا بە شێوەیەکی کارەساتبار خەریکی بەلاڕێدا بردنی هەست وهزری لاوەکان و شێواندنی بنەمای کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسیی کوردستانە و ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندندایە.
شایانی باسە کە سپای تیرۆریستیی پاسداران و دەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کورستان سەرەکیترین ناوەندی بازرگانیی ماددە هۆشبەرکانن و تەنانەت ئەم دیاردەیشیان لە ئێڕان و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش پەرە پێداوە.
هەرلەو پێوەندییەدا و بە پێی ئامار و داتاکانی خودی ڕێژیم ژمارەی توشبوان بە ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستاندا بە هۆی هەژاری و بێکاری و نەبوونی ئیمکانات و سیاسەتی هەڵاواردنی رێژیم لە هەموو بوارێکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە و هەروەها دۆخی سیاسیی و فەرهەنگیی کوردستانیش وایکردووە کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەوڵی ڕووخاندنی بنەما کۆمەڵایەتی و سیاسی و هزرییەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا بێ.