ژنێکی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان، لە کابینەی نوێی حکومەتی وڵاتی هولەند وەکوو وەزیری داد و ئاسایشی ئەو وڵاتە دیاری کراوە.
دیلان یەشیلگوز، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی شاری دێرسیمی باکووری کوردستان و ئەندامی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (FFD)ی هولەند، بە بڕیاری “مارک ڕووتە”، سەرۆکوەزیرانی کابینەی نوێی حکومەت، وەکوو وەزیری داد و ئاسایش دیاری کراوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەستبەکار بێت.
پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی، یەکێک لە چوار پارتی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتی نوێی هولەندە کە، “دیلان یەشیلگوز”ی وەکوو بەربژێری خۆی بۆ وەزیری داد و ئاسایشی وڵاتەکەی دەسنیشان کردووە و بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن سەرکوەزیرانی نوێی هوڵەندەوە بە فەرمی پۆستەکەی ڕادەست بکرێت و دەستبەکار بێت.
دیلان یەشیلگوز، لە ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٩٧٧ی زایینی، لە شاری ئانکارای تورکیە لەدایک بووە و بنەماڵەی بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری دێرسمی باکووری کوردستانن، کە لە منداڵییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچیان کردووە بۆ هۆڵەند و دیلان هەر لە سەرەتای ژیانی سیاسییەوە پەیوەندیی بە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە کردووە.
شایانی باسە کە ئەو ژنە کوردە لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٤ تاکوو ٢٠١٧ی زایینی، لەسەر لیستی ئەو پارتە، بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری ئەمستردام هەڵبژێردراوە.