وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێ: ئیسرائیل بۆ هێرش کردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران هێزی بێ وێنەی هەیە کە بە خەیاڵی هیچ کەسدا نایەت و جەختی لە سەر ئەوەش کردەوە کە ئیسرائیل بۆ پاراستنی وڵاتەکەی ئیزن لە هیچ کەس و وڵاتێک وەرناگرێ.
یائێر لاپید، وەزیری دەروەی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل و لە وڵامێ پرسیارێک سەبارەت بەوەیکە ئایا ئیسرائیل هێزی ئەوەی هەیە کە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران؟ وتی: ئیسرائیل هێز و تواناگەلێکی هەیە کە جیهان وتەنانەت کارناسانی تایبەتی بواری سەربازیی بە خەیاڵیاندا نەهاتووە و لەهەمبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران هیچ کات ئیسرائیل بێدەنگ نەبووە و نابێ و بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ئیسرائیل وبەرژەوەندییەکانمان ئیزن لە هیچ وڵاتێک وەرناگرین.
وەزیری دەروەی ئیسرائیل هەمبەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی رێککەوتنی ناوکیی وتی: وڵاتانی زلهێزی جیهان تا ئێستا سەریان بۆ داواکاری وزێدەڕۆوییەکانی ڕێژیمی ئێران دانەخستوە و هەروەها ئیسرائیلیش دژایەتیی ڕێککەوتنێکی باش ناکات و بەڵکوو دژی ڕێککەوتنیکی خراپ و کارەساتبارە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.
جێگای ئاماژەیە کە هەرلەم پێوەندییەدا” تۆمێر بار” فەرماندەی نوێی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل، ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر پێویست بکات هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەتوانێ بە خێراترین کات هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و بە تەواوەتی لە نێویان ببات.