لە کاتێکدا کە زیاتر لە سەتا ٥٠ خەڵکی ئێران بەهۆی قەیرانی ئابووری وگرانییەوە لە ژێر هێڵی هەژاریدان، سەڕۆککۆماری ئێران دەڵێ: بەخێراترین کات گرانی و هەڵاوسانی ئابووری کۆتایی دێ.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نووری هەمەدانی یەکێک لە ئاخوندە توندئاژۆکانی ڕێژیم بە وتنی ئەوەیکە گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، ئاکامی بڕیارگەلی هەڵەی دەوڵەتی پێشوویە وتی: دەوڵەتی سێزدەهەم بۆ کونترۆڵ کردنی گرانی و هەڵاوسان بەرنامە و پلانی دروست و گونجاوی هەیە و زۆر بە خێرایی کێشە هەڵاوسان چارەسەر دەکەین.
ڕەئیسی لە دریژەدا ڕایگەیاند کە ئاکامی بڕیارەکانی دەوڵەتی سێزدەهەم لە چەند مانگی داهاتوودا دەبینن و دەزانن کە گرانی، قەیران و هەڵاوسان لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم قسانەی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران بەهۆی ناکارامەی بەرپرسانی ڕێژیمەوە ڕۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بارودۆخی ژیانیان ئاڵۆزتر و قورستر دەبێ و لە ئێستادا بەپێی ڕاپۆرت و ئامارەکانی دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە زیاتر لە سەتا ٥٠ی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان و بەهۆی گرانبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و هەڵاوسان و قەیرانی ئابوورییەوە، زۆر بە سەختی بنەماڵەیەکی کرێکار لە ئێراندا ژیان تێپەڕ دەکات.
پێویستە بگوترێ کە ئاماری هەژاری بەهۆی سیاسەتە هەڵە و چەواشەکارانەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان دوو هێندەی شارەکانی دیکەی ئێرانە.