پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوی “ئەبووبەکر بیلال” بەهۆی نەخۆشییەوە لە گوندی “نەرزیوە”ـی سەر بە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بەرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک ئەبووبەکر بیلال پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کەمئەندامی سەنگەری خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد، بەهۆی نەخۆشییەوە لە گوندی “نەرزیوە”ـی سەر بە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات و هەموو کەسوکاری کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
کاک ئەبووبەکر بیلال ساڵی ۱۳٥۷ـی هەتاوی، هاوکات لە گەڵ شۆڕشی گەلانی ئیران و ئاشکرابوونی تێکۆشانی دووبارەی حیزبی دێموکرات، پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی حیزب و بوو بە پێشمەڕگە و لە لکی “مام کوردنەژاد”ــدا ئەرکی وەئەستۆ گرت و بوو بە هاورێ و هاوسەنگەری فەرماندەی ئازا و لێهاتوو، شەهیدی فەرماندە کاک “محەممەدی عەلی پیرێژنێ؛ هەروەها کاک ئەبووبەکر لە میتینگی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ۱۳٥۸ـی هەتاوی لە نەغەدە وەک پێشمەرگەی ئازا و قارەمان بۆ پاراستنی خەڵک و چاودێریی سەربازیی ئەو میتینگە، وێرای هاوسەنگەرانی دیاری کراو کە شەڕێکی نەخوازراو لەو میتینگە هەڵگیرسا و کاک ئەبووبەکر لەو شەڕەدا بە سەختی بریندار بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێرای خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی خوالێخۆشبوو ئەبووبەکر بیلال، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ناوبراو، کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.