لە سەرەتای ئەمساڵ هەتا ئێستا هیچ دەرمانێک بۆ نەخۆشەکانی “تالاسمی” لە ئێران هاوردە نەکراوە.
بەپێی هەواڵی هەوالدەریی ئیلنا، “محەممەد عەلیزادە” سەرۆکی هەیئەتی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی تالاسمی ئێران، ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ئەمساڵ هەتا ئێستا هیچ دەرمانێک بۆ نەخۆشانی تالاسمی هاوردە نەکراوە.
ناوبراو دەڵێ لە ئێستادا زۆر بە کەمی دەرمانی پێویست بۆ ٢٠ هەزار نەخۆشی “تالاسمی” دەست دەکەوێ وتەنیا دەرمانێک کە لە ئەمساڵدا بۆ نەخۆشانی تالاسمی هاوردە کراوە ٣٥٠ هەزار دەرمانی ساختە بووە کە ئەویش زیان و خەسارێکی زۆری بۆ نەخۆشەکان بەدواوە بووە.
محەممەد عەلیزادە، بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان لە وڵامی بەدواداچوونەکانی ئەو ئەنجومەنە و نەخۆشەکان “جگە لەوەیکە وتوویانە داخوازییەکانتان بێ بنەمایە وڵامێکی ڕوونیان نەداوەتەوە”.
ئاماری گیانلەدەستدانی نەخۆشانی تالاسمی، بە وتەی ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی تالاسمی زۆر بەرز بووەتەوە و لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٧وە هەتا ئێستا ٥٣٨ نەخۆشیی تالاسمی گیانیان لەدەست داوە.
نەخۆشانی تالاسمی لە ساڵدا پێویستیان بە ٨٠٠ هەتا یەک میلیۆن تمەنە بۆ ئەوەی دەرزی بۆ ئەو نەخۆشییەیان دابین بکەن.
لەگەڵ ئەوەیکە هەموو بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بابەتی گەمارۆکان بە هۆکاری کەمیی دەرمان گرێ دەدەنەوە کە ئامریکا چەندین جار ڕایگەیاندووە ناردنی دەرمان بۆ ئێران ڕێگەی نەگیراوە و گەمارۆکان نایانگرێتەوە.