کێشەی ئاوی خواردنەوە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت و ئەم کێشەیەش وەکوو دیاردەیەک تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.
سەرەڕای ئەوەی کە کوردستان لە بواری سەرچاوە سروشتییەکانەوە بە ناوچەیەکی دەوڵەمەندی جیهان ئەژمار دەکرێت و بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئاو ئەژمار دەکرێت بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شارەکانی کوردستان کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و ئەم کێشەیەش بووەتە دیاردەیەک لە شارەکاندا و تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.
ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە درێژەی پیلان و بەرنامەکانی خۆیدا بۆ کاولکاریی کوردستان و بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی زاگرۆس، ساڵانێکی زۆرە بە تەرخانکردنی بوودجەیەکی زۆر هەوڵی داوە ئاوی ناوچەکانی کوردستان و زاگرۆس بۆ پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران و ئەمەش بووەتە هۆکاری وشكبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی زاگرۆس و ئاکامی ئەمەش کەمبوون یان وشکبوونی کانی و ڕووبار و گۆلەکانی کوردستانی لێکەتووەتەوە و کێشەی جیددی و مەترسیداری بۆ خەڵکی کوردستان دروست کردووە.
هەر لەو پێوەندیییەدا ماوەیەک لەمەوبەر خەڵکی شاری بانە لە پارکی “شار”ی ئەو شارە، لە تۆمارێکدا، هەزاران کەسی ئەو شارە و دەروبەر واژۆیان کردبوو ناڕەزایەتیان لەسەر قەیرانی نەبوونی ئاو لەو شارەدا دەربڕیبوو، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هیچ بایەخێکیان بەو کێشە و گرفتانە نەداوە.