“ڕەشید قوربانی”، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سنە: هەر چەند خوێندکارانی کوردستان هەموو ساڵێک پلەی نێوان ١٠ بۆ ١٤ـەهەمیان لەئاستی هەموو ئێراندا هەیە، بەڵام بەهۆی یاسای بەرتەسککردنەوەی زانکۆکان بۆ ئاستی پارێزگا و بە ناوی “بومی گوزینی”یەوە لە زانکۆ باڵاکان بۆ وەرگرتنی خوێندکار لە پلەی ٢٢ بۆ ٢٧ـی ئێرانداین.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر سەر بە ڕێژیم، ڕەشید قوربانی لە دانیشتنی ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: لە ڕووی سەرچاوە مرۆییەکانەوە هەشتەمین پارێزگای وڵاتین بەڵام لە بواری ئیمکاناتەوە لە ڕیزی ٢٢ بۆ ٢٧ـەمی ئێرانین و بەو حاڵەشەوە هەموو ساڵێک پلەی زانستیی پارێزگای سنە لەنێوان ١٠ بۆ ١٤ دایە، بەڵام لە بواری وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ باڵاکان لەنێوان ٢٢ بۆ ٢٧ـەمین پارێزگا لە ئێران دایە.
قوربانی دانی بەوە دانا کە یاسای “بومی گوزینی” یان ڕێگەپێدانی خوێندکارانی هەر پارێزگایەک تەنیا لە زانکۆکانی پارێزگاکەی خۆی بۆ خوێندن، ڕێگری کردووە لە وەرگرتنی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی پێشەنگی ئێران و ئەمەش هەڵاواردنێکی دیکەیە.
هەروەها لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا، “مەهدی نامدار”، جێگری پەروەردەی ناوەندیی سنە، ڕایگەیاند: لە سەتا ٢٥ـی کچان پێش ڕۆیشتن بۆ زانکۆ بەهۆی نەبوونی ئیمکانات و دەرفەتی خوێندن ناچار دەبن دەست لە ئاوات و خولیاکانیان هەڵگرن، لە ئێستادا بۆ هەر ١٢ قوتابی یەک مامۆستا هەیە کە لە ئاستی ئامارە نێودەوڵەتییەکان زۆر لە خوارەوەترە و زۆربەی ئەو مامۆستایانەش بەشێوەی کاتی کار دەکەن و هیچ ئاسایشێکی پیشەییان نییە.