ڕۆژی چوارشەممە ٨ۍ بەفرانباری ۱۴۰۰ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی پرسەی خاتوو “ئامینە شێخە دێگەیی” هاوژین و یاری وەفاداری کەسایەتیی ناوداری کورد، نەمر جەلیل گادانی، لە یەکێک لە بنکەکانی حیزب بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا بەڕێز مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، باسی لە تایبەتمەندییەکانی خاتوو ئامینە وەک ژنێکی نیشتمانپەروەر و وەفادار بە بەها نەتەوەییەکانی گەلی کوردی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە خاتوو ئامینە لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و تێکوشەری باشووری کوردستان لە دایک بووە و
بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ کەسایەتیی ناوداری کورد، نەمر کاک جەلیل گادانی، ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو و تێکەڵ بە شۆڕشی حەقخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببوو و ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە بنەماڵەی خاڵە شێخە دێگەیی هەردەم خەمخۆر و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بوون.
“مەولوودی” وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی تێکرای ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆچیدوایی خاتوو ” ئامینە شێخە دێگەیی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورە و کوردپەروەری شێخە دێگەیی و هەروەها بنەماڵەی ناوداری گادانی کرد و حیزبی دێموکراتی بە شەریکی خەمیان زانی.
دواتر خاتوو ”پەژارە مامەند” لەلایەن بنەماڵەی کۆچکردوو، پەیامی سپاس و پێزانینی بنەماڵەکەیانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
شایانی باسە کە ڕۆژی هەینی ٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، خاتوو ئامینە شێخە دێگەیی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد.