محەممەد قودرەت، کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەی بۆکان لە شاری تەورێز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی،محەممەد قودرەت، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر، دڵسۆز و خۆشەویستی خەڵکی تورجان سەربە شاری بۆکان بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تەورێزماڵاوایی لە ژیان کرد.
محەممەد قودرەت کەسایەتییەکی خۆشناو و باوەڕپێکراو، نیشتمانپەروەر، جێگای متمانەی خەڵک و پێشمەرگە بوو و لە هیچ خزمەت و دڵسۆزییەک بە گەلەکەی دریغی نەدەکرد و تا دواساتەکانی ژیانی، هیوا و خولیای ڕزگاریی گەل و نیشتمان لە دڵ و مێشکی خۆی و بنەماڵەکەیدا زیاتر گەشەی دەکرد.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ناوبرا و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.